ستيگما (له‌كه‌)ى نه‌خۆشي ده‌رونى

Stigma of mental disorder

د.ئه‌فرام محمد حسن ( پسپۆري نه‌خۆشي ده‌رونى)

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تێكى جياوازه‌ به‌لآم له‌به‌رئه‌وه‌ى وه‌ك بۆچوون و ره‌فتارێكى هه‌ڵه‌ و نه‌شياوى تاكه‌كان سه‌يري ده‌كرێت بۆيه‌ له‌م به‌شه‌دا باسي ده‌كه‌ين.

له‌كه‌ى شه‌رمه‌زارى (ستيگما): هه‌ستكردنى تاكه‌ به‌ نه‌نگى، شه‌رم و بێزراوى به‌هۆى ئه‌و باره‌ ده‌روونييه‌ى هه‌يه‌تى، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و تێروانين و مامه‌ڵه‌كردنه‌ى كه‌سانى چوارده‌ورى، يان كۆمه‌ڵگا هه‌يانه‌ به‌رامبه‌رى له‌ په‌راوێزخستن، تێكه‌ڵنه‌بوون، به‌زه‌يى پياهاتنه‌وه‌، جياكارى، چه‌وساندنه‌وه‌ و گاڵته‌پێكردن.

ستيگما ده‌بێته‌ يان ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى:

  1. ڕه‌تكردنه‌وه‌ى كه‌سێك له‌لايه‌ن ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى يان فه‌رامۆشكردنى و سه‌يركردنى به‌چاوێكى جياوازتر، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌خۆشي ده‌رونى هه‌يه‌ يان هه‌ندێك نيشانه‌ نه‌خۆشي ده‌رونى هه‌يه‌.
  2. لابردنى كارمه‌ندێك له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌خۆشييه‌كى ده‌روونى هه‌يه‌، يان دابه‌زاندنى پله‌كه‌ى به‌بێ ئه‌وه‌ى پێويست بكات، يان بێبه‌شكردنى له‌كار وپيشه‌ له‌به‌ر هه‌مان هۆ.
  3. به‌كارهێنانى توند و تيژى به‌رامبه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ى نه‌خۆشييه‌كى ده‌روونى هه‌يه‌، له‌كاتێكدا ده‌شێت نه‌خۆش ئه‌و كه‌سه‌ بێت له‌كاتى گرفته‌كه‌دا سته‌مى لێكراوه‌ نه‌ك سته‌مكار بێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێكجار نه‌خۆش هيچ په‌يوه‌ندى به‌ گرفته‌كه‌وه‌ نيه‌ به‌لآم ته‌نها بۆ داپۆشينى گرفته‌كانى ناو خێزان له‌لاى دراوسێ و كه‌سوكار، نه‌خۆش ده‌كرێته‌ قوربانى.
  4. گرفت بۆ خێزان كه‌ له‌لايه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ به‌ چاوێكى تر سه‌يرى ئه‌و خێزانه‌ ده‌كرێت و ئاينده‌ى تاكه‌كانى ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسياره‌وه‌ له‌ دروستكردنى په‌يوه‌ندى هاوسه‌ري.
  5. هه‌ندێكجار ئه‌م سنوره‌ بۆ كه‌سوكاري پله‌ دوو، ده‌روات كاتێك خالأ يان مام نه‌خۆشي ده‌رونى هه‌بێت له‌كاتى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگيريدا زياتر له‌ جارێك پرسيار ده‌كرێت ئه‌مه‌ سكماكيه‌ يان به‌ رووداو توش بووه‌؟ به‌ پاڵپشت به‌ هه‌ندێك بۆچوونى هه‌ڵه‌.
  6. ئه‌و كارمه‌ند و پزيشكانه‌ى كار ده‌كه‌ن له‌و ناوه‌ند و سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانانه‌ى تايبه‌تن به‌ نه‌خۆشي ده‌رونى له‌لايه‌ن تاكه‌كانى كۆمه‌لأ و هاوپيشه‌كانيانه‌وه‌ به‌ شێوازێكى تر سه‌ير ده‌كرێن.

چۆن به‌ره‌نگاري ستيگما ببينه‌وه‌؟

* نه‌خۆشه‌كه‌ ئاگاداربكه‌ تۆ هه‌مووكات ئاماده‌يت هاوكارى بكه‌يت و يارمه‌تى بده‌يت، جياوازى نيه‌ له‌نێوان نه‌خۆشه‌كان ئه‌گه‌ر نه‌خۆشي جه‌سته‌يي يان ده‌رونيان هه‌بێت.

* هانى كه‌سه‌كه‌ بده‌ يارمه‌تى له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و خزم و كه‌س و هاوڕێكانى وه‌ربگرێت، هه‌ست به‌نه‌نگى و خۆبه‌كه‌مزانين نه‌كه‌يت له‌كاتى بوونى نه‌خۆشي.

* يارمه‌تى بده‌ له‌ به‌دواداچوونى ڕۆتينى ڕۆژانه‌ و دياريكردنى مه‌به‌سته‌ لۆژيكييه‌كان.

* هانى كه‌سه‌كه‌ بده‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر چالاكييه‌ جه‌سته‌يي و كۆمه‌لاَيه‌تييه‌كان به‌پێى توانا.

*ئاگادار به‌ توشى هه‌ست به‌شه‌رم كردن نه‌بيت و حاڵه‌ته‌ ده‌رونييه‌كان به‌ له‌كه‌ نه‌زانيت.

چۆنێتى به‌رانگاربوونه‌وه‌ى ستيگما:

  • گۆرانكاري له‌ خۆماندا سه‌باره‌ت به‌ تێروانينمان بۆ نه‌خۆشي ده‌رونى، چونكه‌ هه‌تا خۆمان نه‌گۆرين ناتوانين ده‌وروبه‌ر بگۆرين.
  • كاركردنه‌ سه‌رهاورێكانمان له‌رێي گفتوگۆ، نوسين، تۆره‌كۆمه‌لآيه‌تيه‌كان به‌هه‌ردوو شێوازى نۆرمالكردن و ره‌خنه‌گرتن له‌وانه‌ى به‌ سوكى ده‌رواننه‌ نه‌خۆشي ده‌رونى.
  • به‌كارهێنانى هۆكانى راگه‌ياندن به‌ شێوازى ئيجابي بۆ خزمه‌تى ئه‌م بابه‌ته‌.
  • به‌كارهێنانى كه‌سانى شاره‌زا و ناسراو، مزگه‌وته‌كان، رێكخراوه‌كانى گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌لآيه‌تى، داموده‌زگاكانى حكومه‌ت بۆ باسكردنى ئه‌م بابه‌ته‌ و هۆشياركردنه‌وه‌ى كۆمه‌لأ.
  • به‌ستنى كۆڕ و سيمينار بۆ نه‌خۆشه‌كان، كه‌سوكاريان.
  • بوونى بابه‌تێك به‌ناوى ته‌ندروستى ده‌روونى بۆ خوێندنگه‌كان.
  • ڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ هه‌لآنه‌ى له‌مه‌ر نه‌خۆشييه‌ ده‌روونيه‌كان هه‌يه‌.
  • رێگرتن له‌وانه‌ى به‌ناوى جيا جياوه‌ سوكايه‌تى به‌ نه‌خۆش ده‌كه‌ن.
  • رێكخستنى كه‌مپين و دامه‌زراندنى رێكخراوى تايبه‌ت به‌ نه‌خۆشييه‌ ده‌روونيه‌كان.
  • وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى فه‌راهه‌مكردنى خزمه‌تگوزارييه‌ ده‌روونييه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى شار (پزيشك، چاره‌سازى ده‌روونى، كۆمه‌لآيه‌تى…….).

بابەتی هاوشێوە