ته‌نگژه‌ى هه‌واڵه‌كراو (هستريا)

Conversion disorder (Hysteria)

د.ئه‌فرام محمد حسن

پسپۆري نه‌خۆشي ده‌رونى و راوێژكاري خێزانى و په‌روه‌رده‌يي

پێشتر له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون ئه‌م نه‌خۆشييه‌ ته‌نها له‌مێينه‌دا ڕووده‌دات په‌يوه‌ندى به‌منداڵدانه‌وه‌ هه‌يه‌و زۆر شێوازى نامرۆڤانه‌يان به‌كارده‌هێنا له‌پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ردا وه‌ك لێدان و نه‌شته‌رگه‌ري و فشارخسته‌ سه‌ر سكى نه‌خۆشه‌كه‌ و زۆرجار گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ جنۆكه‌و لێدان و سوكايه‌تى پێكردنى نه‌خۆشه‌كه‌ يان به‌كارهێنانى شێوازى فريودان له‌چاره‌سه‌ردا له‌لايه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ په‌يره‌و ده‌كراو ئێستاشي له‌گه‌ڵدا بێت له‌لايه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ په‌يره‌وده‌كرێت.

مه‌به‌ست له‌م نه‌خۆشييه‌ بوونى كێشمه‌كێشێكى يان فشارێكى ده‌رونيه‌ كه‌هه‌واڵه‌ ده‌كرێت يان ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ له‌ده‌ستدانى تواناى جه‌سته‌يي و ئاماژه‌به‌خش ده‌بێت به‌نه‌خۆشي ده‌ماري.

 

گرنگترين نيشانه‌كانى:

  • ده‌شێت له‌كۆئه‌ندامى ده‌مار يان جوڵه‌دا بێت و نه‌خۆش واده‌رده‌كه‌وێت كه‌تواناى جوڵه‌ى نيه‌ يان ناتوانێت به‌شێكى جه‌سته‌ى بجولێنێت. وه‌كو ناهاوسه‌نگى له‌رۆشتندا، له‌كاركه‌وتنى په‌لێك يان زياتر، گرفت له‌قووتدانى خواردندا، نه‌توانينى قسه‌كردن، نه‌توانينى چونه‌ سه‌رئاو.
  • ئه‌گه‌ر له‌هه‌سته‌وه‌ره‌كاندا بێت نه‌خۆش واده‌رده‌كه‌وێت تواناى بينينى نيه‌، شته‌كان به‌دووان ده‌بينێت، تواناى بيستنى نيه‌، هه‌ستكردنى به‌ به‌ركه‌وتن كه‌مبۆته‌وه‌ يان نه‌ماوه‌.
  • بورانه‌وه‌ (له‌هۆشخۆچوون) كه‌جياوازيه‌كى زۆري هه‌يه‌ له‌بورانه‌وه‌ى په‌ركه‌م و پزيشك به‌ئاسانى ده‌توانێت ئه‌م جۆره‌ بورانه‌وانه‌ له‌بورانه‌وه‌ى په‌ركه‌م جيابكاته‌وه‌.
  • هه‌ندێكجار نه‌خۆشه‌كه‌ نيشانه‌ى زياتر له‌گروپێكى هه‌يه‌ واته‌ تێكه‌ڵه‌يه‌كه‌ له‌نيشانه‌كانى كۆئه‌ندامى ده‌مارو جوڵه‌و هه‌سته‌كان.

تێبينى:

  • ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌خۆش به‌مه‌به‌ست دروستى ناكات و ده‌ركه‌وتنى نيشانه‌كان له‌سه‌ر تواناى خۆيه‌تى.
  • ده‌بێت نيشانه‌كانى كاربكاته‌ سه‌ر تواناى پيشه‌ي و كۆمه‌لآيه‌تى نه‌خۆش ئه‌و كاته‌ به‌نه‌خۆشي داده‌نرێت.
  • پاش پشكنينى ته‌واوي نه‌خۆشييه‌كه‌ ناتوانرێت به‌نه‌خۆشييه‌كى جه‌سته‌يي ئه‌ژمار بكرێت يان نيشانه‌كان له‌ژێر ناونيشانى هيچ نه‌خۆشييه‌كدا خۆ نابيننه‌وه‌.
  • زۆرجار گرفتێكى ده‌رونى يان كۆمه‌لآيه‌تى يان فشارێكى توند له‌پشت سه‌رهه‌ڵدانى حاڵه‌ته‌كه‌وه‌يه‌ و به‌وه‌ى به‌هێمنى و له‌سه‌رخۆ زانياريه‌كان له‌نه‌خۆش وه‌ربگيريت ده‌توانين هۆكاري حاڵه‌ته‌كه‌ دياري بكه‌ين و به‌پێي هۆكاره‌كه‌ ده‌ست به‌پلانى چاره‌سه‌ر بكه‌ين.
  • زۆرجار نه‌خۆش به‌بێ ئاگابوون له‌نيشانه‌كاني لاسايى كه‌سێكى نزيكى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ئه‌و نه‌خۆشييه‌ى هه‌يه‌.
  • هه‌ندێكجار ئه‌م نه‌خۆشييه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشييه‌كى ڕاسته‌قينه‌دا ڕووده‌دات كه‌نيشانه‌كانى هاوشێوه‌ن بۆ نمونه‌ ده‌شێت كه‌سێك نه‌خۆشي په‌ركه‌مى هه‌بێت له‌گه‌ڵ بورانه‌وه‌ ڕاسته‌قينه‌كه‌ى په‌ركه‌مدا هه‌ندێكجار بورانه‌وه‌ى هستري هه‌بێت.
  • ئه‌م نه‌خۆشييه‌ زۆرجار له‌ماوه‌يه‌كى كورتدا روده‌دات و به‌خێرايش چاكده‌بێته‌وه‌ به‌لآم له‌هه‌ندێك كه‌سدا ده‌بێته‌ درێژخايه‌ن و كاريگه‌ري گه‌وره‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر تواناى پيشه‌يي و كۆمه‌لآيه‌تى.
  • زۆرگرنگه‌ پزيشك په‌له‌نه‌كات له‌بڕياردان له‌بوونى ئه‌م حاڵه‌ته‌ چونكه‌ له‌ (15 – 30%) ى حاڵه‌ته‌كان نه‌خۆشييه‌كى جه‌سته‌يي هه‌يه‌ له‌پشت حاڵه‌ته‌كه‌وه‌ وه‌ك نه‌خۆشي ره‌قبونى ده‌ماري به‌ربلآو و نه‌خۆشي ده‌ماري تر.

 

رێژه‌ى نه‌خۆشييه‌كه‌:

زياتر له‌مێينه‌دا ڕووده‌دات به‌لآم له‌نێرينه‌شدا ده‌بينرێت.

هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان ئه‌گه‌ري نه‌خۆشييه‌كه‌يان هه‌يه‌ به‌تايبه‌تى ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاري و سه‌ره‌تاى بيسته‌كانى ته‌مه‌ن.

زياتر له‌چينه‌ هه‌ژاره‌كاندا هه‌يه‌.

به‌ته‌واوى رێژه‌ى نه‌خۆشييه‌كه‌ نازانرێت و له‌كۆمه‌ڵگه‌يه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى تر رێژه‌كه‌ ده‌گۆرێت.

هۆكارى نه‌خۆشييه‌كه‌:

  • هۆكاره‌كه‌ى ده‌رونيه‌و دوو ميكانيزم باس ده‌كرێت له‌رودانى حاڵه‌ته‌كه‌:
  • ده‌ستكه‌وتى سه‌ره‌تايي: فشاره‌ ناوخۆييه‌كه‌ دوور ده‌خرێته‌وه‌ له‌هه‌ست.
  • ده‌ستكه‌وتى دووه‌مى (لاوه‌كى): ئه‌و پاڵپشته‌ كۆمه‌لآيه‌تيه‌ى ده‌ستى ده‌كه‌وێت به‌هۆي نه‌خۆشييه‌كه‌وه‌ يان خۆبه‌دوورگرتن له‌و ئه‌ركانه‌ى حه‌زناكات بيكات. ده‌ستكه‌وتى دووه‌مى له‌سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌كاندا به‌ديده‌كرێت.
  • تاك له‌ئه‌نجامى فێربونه‌وه‌ ئه‌م نيشانانه‌ى تێدا ده‌رده‌كه‌وێت و له‌لايه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه‌ هانده‌درێت به‌هۆي شێوازى هه‌ڵسوكه‌وتيان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشدا.
  • له‌هه‌ندێك نه‌خۆشدا ده‌شێت بنه‌مايه‌كى فسيۆلۆژى هه‌بێت.

ده‌ستنيشانكردن:

به‌پێ مانوه‌ڵي ده‌ستنيشانكردن و ئاماركردنى نه‌خۆشييه‌ ده‌رونيه‌كان چاپي پێنجه‌م كاتێك به‌ كه‌سێك ده‌وترێت ئه‌م نه‌خۆشييه‌ى هه‌يه‌ كه‌ئه‌م تايبه‌ته‌نديانه‌ى هه‌بێت:

  • يه‌كێك يان زياتر له‌ نيشانه‌كانى گۆڕانكاري له‌ جوله‌ يان له‌ فرمانه‌ هه‌ستيه‌كان.
  • نه‌گونجان له‌ نێوان نيشانه‌كان و هيچ نه‌خۆشيه‌كى ده‌ماري يان جه‌سته‌يي.
  • ئه‌و نيشانه‌ و ناته‌واويانه‌ باشتر راڤه‌ناكرێت به‌ نه‌خۆشيه‌كى ده‌رونى يان جه‌سته‌يي.
  • ئه‌و نيشانه‌ و ناته‌واويه‌ كاريگه‌ري ئاشكراي هه‌بێت له‌ بواري پيشه‌يي و كۆمه‌لآيه‌تى يان بواره‌ گرنگه‌كان تري رۆژانه‌ يان شايه‌نى بايه‌خپێدانى پزيشكى بێت.

چاره‌سه‌ر:

چاره‌سه‌ري ده‌رونى له‌ڕێگه‌ي چاره‌سازى ده‌رونيه‌وه‌ بۆ هه‌ر گرفتێك يان كێشه‌يه‌ك كه‌هه‌بێت.

هه‌ر نه‌خۆشييه‌كى هاوشان (خه‌مۆكى، دڵه‌راوكآ) ئه‌گه‌ر هه‌بوو چاره‌سه‌ر بكرێت.

ئه‌گه‌ر هۆكاري نه‌خۆشييه‌كه‌ گرفتێكى كۆمه‌لآيه‌تى بوو رۆڵي توێژه‌ري كۆمه‌لآيه‌تى زۆر گرنگه‌ له‌پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ر و سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ى نه‌خۆشييه‌كه‌.

زۆر گرنگه‌ سروشتى نه‌خۆشييه‌كه‌ بۆ نه‌خۆش و كه‌سوكاري روونبكرێته‌وه‌ به‌شێوازێكى زانستى.

هاندان و پاڵپشتي كردنى نه‌خۆش له‌ڕێگه‌ى ئيحائه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ له‌پرۆسه‌ى چاره‌سه‌ردا.

ده‌شێت ئه‌گه‌ري نه‌خۆشي جه‌سته‌يي له‌مێشكدا هه‌بێت و زۆر گرنگه‌ ئه‌و پشكنينانه‌ى پێويستن ئه‌نجاميان بده‌يت بۆ دڵنياببون له‌وه‌ى نه‌خۆشي جه‌سته‌يي نيه‌.

ئاينده‌ى نه‌خۆش:

ئاينده‌ى باش له‌م كه‌سانه‌دا به‌ديده‌كرێت:

  • پێشتر باري پيشه‌يي و كۆمه‌لآيه‌تى جێگر بوبێت.
  • نه‌خۆشييه‌كه‌ له‌ماوه‌يه‌كى كورتدا روبدات.
  • هۆكارێكى (فشارێكى) ديار هه‌بێت بۆ رودانى حاڵه‌ته‌كه‌.
  • كه‌سوكاري په‌يره‌وى رێنماييه‌كانى پزيشك بكه‌ن.

تێبينى:

  • هه‌ندێك پزيشك و كارمه‌ندى ته‌ندروستى به‌شێوازێكى نه‌شياو دوور له‌بنه‌ماكانى زانست له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشانه‌دا ڕه‌فتار ده‌كه‌ن به‌وه‌ى ئازاريان ده‌ده‌ن، يان قسه‌ى نه‌شياويان پێده‌ڵێن يان هه‌ندێك ده‌رمانيان ده‌ده‌نێ كه‌په‌يوه‌ندى به‌حاڵه‌ته‌كه‌وه‌ نيه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌خۆش ناچاربكه‌ن زوو هه‌ستێته‌وه‌، هۆكاري ئه‌م شێوازه‌ به‌ناوچاره‌سه‌ره‌ ده‌گه‌رێته‌ بۆ ئه‌وه‌ى:
  • نه‌شاره‌زايي پزيشك و كارمه‌ند، له‌ شێوازى چاره‌سه‌ري ئه‌م حاڵه‌ته‌.
  • كه‌مى كات كه‌ته‌رخان ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ر بۆيه‌ له‌بري ئاخاوتن و رێنمايي په‌ناده‌برێته‌ به‌ر توندوتيژي.
  • زۆرێك له‌م نه‌خۆشانه‌ له‌لايه‌ن كه‌سانى به‌ناو ئايينيه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت كه‌حاڵه‌تى جنۆكه‌يان هه‌يه‌ ئه‌و كه‌سه‌ لافى چاره‌سه‌ركردن لێده‌دات و به‌ هه‌ندێك جوله‌و قسه‌ى بريقه‌دار كه‌سوكاري نه‌خۆش ده‌گه‌يه‌نێته‌ ئه‌و بروايه‌ى كه‌نه‌خۆشه‌كه‌يان جنۆكه‌ى هه‌يه‌ و پاش كه‌مێكى تر چاك ده‌بێته‌وه‌.
  • نه‌خۆشي هستريا جياوازه‌ له‌رۆڵي نه‌خۆش بينين كه‌تاك بۆ مه‌به‌ستێكى دياريكراو خۆي نه‌خۆش ده‌خات.

بابەتی هاوشێوە