وه‌سواسي (عه‌مه‌لى)

Obsessive compulsive disorder

د.ئه‌فرام محمد حسن

پسپۆري نه‌خۆشي ده‌رونى و راوێژكاري خێزانى و په‌روه‌رده‌يي

1/3

بريتيه‌ له‌سه‌رهه‌ڵدانى حاڵه‌تێكي ده‌روني كه‌هه‌مان بير، بۆ چوون، وێنه‌ چه‌ند باره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌مێشكى تاكدا و دڵنيايه‌ له‌وه‌ى له‌ناخى خۆيدا سه‌رهه‌ڵده‌دات نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌ريدا بسه‌پێنرێت و هه‌وڵى به‌ڕه‌نگاربونه‌وه‌ي ده‌دات به‌لآم زۆرجار بێهوده‌يه‌ و ناچارده‌بێت شوێني ئه‌و بيرو بۆچونانه‌ بكه‌وێت و كاتێكى زۆر به‌و بابه‌تانه‌وه‌ ده‌كوژێت. ئه‌گه‌ر شوێن ئه‌و بيرانه‌ نه‌كه‌وێت هه‌ست به‌ناڕه‌حه‌تى ده‌كات و وازى لێناهێنن دووباره‌و چه‌ندباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر شوێن ئه‌و بيرانه‌ بكه‌وێت بۆ ماوه‌يه‌كى كاتى هه‌ست به‌ئارامي ده‌كات به‌لآم كاتێكى زۆري لێده‌گرێت و به‌رده‌وام بابه‌تى بێماناتر و سه‌يرتر به‌مێشكيدا دێت.

وێنه‌ى نه‌خۆشێكى وه‌سواس كه‌زياتر له‌پێويست ده‌سته‌كانى ده‌شوات)

بۆ نمونه‌، تاك به‌رده‌وام به‌بيريدا دێت كه‌قسه‌ى ناشرين يان ڕه‌فتارێكي نه‌شياو يان كوفر بكات به‌بێ هيچ هۆيه‌كي ديار، يان به‌بيريدا دێت  له‌وانه‌يه‌به‌هۆي ئه‌مه‌وه‌  زيان به‌ده‌وروبه‌ر بگه‌يه‌نێت يا دووباره‌كردنه‌وه‌ي ژماردني ژماره‌كان به‌شێوه‌يه‌كي دياري كراو يان به‌سه‌را چوونه‌وه‌ى كاره‌كاني رۆژانه‌ زياد له‌جارێك بۆ نموونه‌ دڵنيا بوونه‌وه‌ چه‌ندين چار له‌داخستني ده‌رگايه‌ك كه‌ سوور ئه‌زانێت داخراوه‌ , هتد……….  .

هه‌ندێكجار ئه‌م باره‌ له‌سنوري بيركردنه‌وه‌ تێپه‌رده‌بێت و ده‌چێته‌ بواري كرداره‌وه‌ وه‌كو دووباره‌ وچه‌ندباره‌ ده‌ست شتن هه‌ندێكجار تاك ماوه‌ي چه‌ند كاژێرێك به‌م كاره‌وه‌ خه‌ريك ده‌بێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ي ده‌زانێت ده‌ستي پاكه‌ يان ئه‌م كاره‌ي زياده‌ڕۆيي تێدايه‌. چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌ي قامه‌ت به‌ستن له‌نوێژدا، شه‌وان چه‌ند جارێك ده‌ست ده‌دات له‌ده‌رگاي ژووره‌كه‌ بۆ دڵنيابوون له‌داخستني سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ي ده‌زانێت كه‌ده‌رگاكه‌ داخراوه‌.

رێكخستني كه‌ل وپه‌له‌كاني به‌شێوه‌يه‌كي زۆر وورد و به‌ديقه‌ت كه‌ته‌نها لاي تاكي واسواس ماناي هه‌يه‌ و لاي كه‌ساني ده‌وروبه‌ري به‌نائاسايي ناو ده‌برێت.

(وێنه‌ى ژماره‌ 8 نه‌خۆشێكى وه‌سواس كه‌ هه‌وڵده‌دات هه‌موو شته‌كان زياتر له‌پێويست رێكبخات)

پرسياركردنى به‌رده‌وام (ئه‌ى ئه‌گه‌ر؟) واته‌ تاك به‌رده‌وام پرسياري ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ مێشكيدا ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو؟ ئه‌ى ئه‌گه‌ر وابوو؟ مه‌به‌ست له‌مه‌ ئه‌وه‌يه‌ تاك شته‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێت به‌بێ ئه‌وه‌ى بنه‌مايه‌كى زانستى يان لۆژيكى بۆ ئه‌گه‌ره‌كانى هه‌بێت بۆ نمونه‌ (ئه‌گه‌ر ده‌ست بدات له‌ ده‌رگايه‌كه‌وه‌ له‌ مێشكيدا بيري بۆ دێت تۆ بڵێيت ئه‌و ده‌رگايه‌ پيس نه‌بوبێت؟ تۆ بڵێيت من له‌وه‌وه‌ توشي نه‌خۆشي نه‌بم؟ من دواتر ته‌وقه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كرد تۆ بڵێيت ئه‌ويش نه‌خۆش نه‌كه‌وتبێت؟ ئايا له‌و كه‌سه‌وه‌ چه‌ندى تر توشي هه‌مان نه‌خۆشي بوون؟ به‌دواى ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌وه‌ ده‌بێت ده‌يه‌ها پرسياري نالۆژيكي به‌ خه‌ياليدا دێت؟

ئه‌گه‌ر گومانى له‌ كردنى كارێك هه‌بێت بۆ نمونه‌ كوژاندنه‌وه‌ى پلاك ئه‌وه‌ بيره‌كانى به‌و ئاڕاسته‌يه‌ ده‌رۆن تۆ بڵێت شۆرتى كاره‌با رونه‌دات؟ ئه‌بێت له‌و شۆرته‌وه‌ جي بسوتێت؟ ته‌نها ئامێرێك يان هه‌موو ماڵه‌كه‌؟ چه‌ند كه‌س به‌و سوتانه‌ ده‌سوتێن و ده‌مرن؟ ته‌نها مالىَ خۆمان يان هه‌موو گه‌ڕه‌ك؟ ئه‌ى ئه‌وانه‌ى ئاگره‌كه‌ ده‌كوژێنه‌وه‌ چه‌نديان زيانيان به‌رده‌كه‌وێت؟ دواتر من چيم به‌سه‌ردێت؟ ده‌يه‌ها پرسيار و ئه‌گه‌ري نادروست و نالۆژيكى.

هه‌ڵگرتن و كۆكردنه‌وه‌ى شتى زياده‌ و بێسود له‌ترسي ئه‌وه‌ى نه‌ك پێويستى پێيان بێت يان ڕه‌نگه‌ نه‌توانێت بڕيار بدات كاميان فره‌ێ بدات.

هه‌ندێكجار په‌يوه‌ندى نێوان ئه‌و بيرانه‌و ئه‌و ڕه‌فتاره‌ى ده‌يكات به‌رووني دياره‌ وه‌كو ئه‌وه‌ي گومانى ئه‌وه‌ي هه‌يه‌ شته‌كان پيسن بۆيه‌ به‌رده‌وام ده‌ستى ده‌شوات يان ده‌ست نادات له‌شته‌كانه‌وه‌ تاكو پيس نه‌بێت، يان گومانى له‌باوه‌ڕي خۆي هه‌يه‌ بۆيه‌ چه‌نده‌ها جار شايه‌تمان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و قورئان ده‌خوێنێت و به‌رده‌وام نوێژ ده‌كات تاكو ئيمانى سه‌لامه‌ت بێت، له‌هه‌ندێك حاڵه‌تى تردا ئه‌م په‌يوه‌نديه‌ روون نيه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ي تاك هه‌ڵده‌ستێت به‌پۆشينى پۆشاكه‌كانى به‌شێوه‌يه‌كى  دياري كراو و ده‌بێت چه‌ند ڕه‌فتارێك بكات پێش له‌به‌ركردنى پۆشاكه‌كه‌ى كه‌هيچ په‌يوه‌نديه‌ك نيه‌ له‌نێوان ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ و خۆگۆڕين.

ئه‌م حاڵه‌ته‌ نزيكه‌ي  له‌ (0. 5 % – 2%) ى خه‌ڵكي توشي ده‌بن و ڕێژه‌ى توشبوني نێرو مێ تاڕاده‌يه‌ك يه‌كسانه‌. له‌ (70%) ى حاڵه‌ته‌كان پێش ته‌مه‌نى (25) ساڵي ڕووده‌ده‌ن و  له‌ (15%) يان دواى ته‌مه‌نى (35) ساڵي.

بابەتی هاوشێوە