وه‌سواسي (عه‌مه‌لى)

Obsessive compulsive disorder

د.ئه‌فرام محمد حسن

پسپۆري نه‌خۆشي ده‌رونى و راوێژكاري خێزانى و په‌روه‌رده‌يي

3/3

په‌يامه‌كان بۆ تاك و خێزان:

  • به‌هيچ جۆرێك پێويست ناكات بۆ چاره‌سه‌ري ئه‌م حاڵه‌ته‌ سه‌رداني كه‌ساني ناشاره‌زا بكرێت كه‌ناوي خۆيان ناوه‌ (مه‌لا) و (شێخ) چونكه‌ ئه‌مه‌ كاري ئه‌وان نيه‌ و زۆربه‌ي جار له‌بري چاك كردنه‌وه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ خراپترى ده‌كه‌ن به‌هۆي ئه‌و شێوازه‌ نا مرۆڤانه‌يه‌ي به‌كاري دێنن له‌چاره‌سه‌ردا كه‌نه‌ ئايني پيرۆزي ئيسلام و نه‌زانستي پزيشكي و نه‌ياساي وولآت ڕێگه‌ي به‌م كاره‌يان نه‌داوه‌.
  • ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌نگي نيه‌و نابێته‌ هۆي له‌ده‌ستداني هۆشمه‌ندي.
  • ئه‌م حاڵه‌ته‌ چاره‌سه‌ري هه‌يه‌ و ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌ى ده‌رمان و جه‌لسه‌ى ده‌رونيه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
  • تاكو زووتر سه‌رداني پزيشك بكه‌يت ئه‌گه‌ري چاكبونت زۆرتر و باشتره‌.
  • گه‌ر تاكێكي خێزانه‌كه‌ت ئه‌م باره‌ي هه‌بوو ده‌بێت خۆت به‌دوور بگري له‌توانج لێدان و قسه‌ي ناشرين چونكه‌ به‌م كاره‌ت باره‌كه‌ خراپتر ده‌كه‌يت نه‌ك باشتر، به‌م كاره‌ت وا ده‌كه‌يت ئه‌و كه‌سه‌ زياتر ناڕه‌حه‌ت بێت.
  • هه‌وڵ مه‌ده‌ فشار بخه‌يته‌ سه‌ر تاك بۆ زوو چاك بونه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ي ئه‌و هه‌ستي پێده‌كات تۆ ناتوانيت به‌ئاساني لێي تێبگه‌يت هه‌وڵبده‌ هاوڕێي بيت نه‌ك فشارێكي زياتر.

 

هه‌ندێك پرسياري گرنگ كه‌لاى نه‌خۆش و لاى ئه‌ندامانى خێزان دروست ده‌بێت:

 

  • ئايا هه‌موو ئه‌وانه‌ى وه‌سواسيان هه‌يه‌ ده‌بێت به‌كردار شته‌كان چه‌ندباره‌ بكه‌نه‌وه‌؟

بێگومان نه‌خێر، وه‌سواسي دوو جۆري سه‌ره‌كى هه‌يه‌ جۆرێكيان تاك ته‌نها له‌مێشكيدا شته‌كان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ ته‌نها بير يان وێنه‌ى بۆ دێت، له‌جۆري دووه‌مدا تاك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و بيرانه‌دا به‌كرده‌وه‌ كاره‌كه‌ يان هه‌ندێك كردار ده‌كات تاكو برێك ئارام بێته‌وه‌ بۆ ماوه‌يه‌ك بيره‌كان وازى لێبێنن.

 

  • ئايا هه‌ر كه‌سێك يه‌كێك يان زياتر له‌و نيشانانه‌ى هه‌بێت واته‌ ئه‌و نه‌خۆشييه‌ى هه‌يه‌؟ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بري كاريگه‌رى ئه‌و نيشانانه‌ له‌سه‌ر تواناى كاركردن و په‌يوه‌ندى كۆمه‌لآيه‌تيت، هه‌تا نيشانه‌كه‌ توند بێت ئه‌گه‌ري بونى حاڵه‌ته‌كه‌ زياتره‌.

 

  • ئايا ئه‌م نه‌خۆشييه‌ نه‌خۆشييه‌كى تازه‌يه‌؟

به‌ڵگه‌ مێژووييه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌مێژووى ئه‌م نه‌خۆشييه‌ زۆر كۆنه‌.

 

  • ئايا نه‌خۆشي وه‌سواسي نه‌خۆشييه‌كى هۆشمه‌ندييه‌ واته‌ عه‌قليه‌؟

نه‌خێر حاڵه‌تێكى ده‌رونيه‌ و تاك هه‌ست به‌خۆي ده‌كات كه‌نه‌خۆشه‌ و به‌شوێن چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌رێت و هۆكاري ده‌رونى و جه‌سته‌يي خۆي هه‌يه‌ بۆ توشبون.

 

  • ئايا نه‌خۆشي تر هه‌يه‌ كه‌هاوشان بێت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشي وه‌سواسي؟

به‌ڵي ئه‌وانه‌ى نه‌خۆشي وه‌سواسيان هه‌يه‌ زياتر توشي خه‌مۆكى (نزيكه‌ى له‌ (60%) يان لايه‌نى كه‌م بۆ جارێك توشي خه‌مۆكى ده‌بن) و ترس و دڵه‌راوكىَ و ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانيش ده‌بن.

 

  • ئايا ده‌گوێزرێته‌وه‌ له‌يه‌كێكه‌وه‌ بۆيه‌كێى تر؟

نه‌خێر ئه‌م نه‌خۆشييه‌ و سه‌رجه‌م نه‌خۆشييه‌ ده‌رونيه‌كانى تر ئه‌گه‌ري گواستنه‌وه‌يان نيه‌، به‌لآم ئه‌گه‌ري فێربونيان هه‌يه‌ به‌تايبه‌تى كاتێك دايك ئه‌م حاڵه‌ته‌ى هه‌بێت و زياتر له‌پێويست بايه‌خ به‌پاكوخاوێنى بدات ئه‌گه‌ري فێربوون و لاسايي كردنه‌وه‌ى له‌لايه‌ن منداڵه‌كانيه‌وه‌  زۆرتره‌.

 

  • هه‌ندێكجار نه‌خۆش به‌ووشه‌ى ته‌لاقه‌وه‌ ده‌يگرێت و زۆر بيري لێده‌كاته‌وه‌ ئايا به‌وه‌ ته‌لاقى ده‌كه‌وێت؟

هه‌رچه‌نده‌ بيربكه‌يته‌وه‌ له‌ته‌لاق و له‌به‌رخۆته‌وه‌ بيلێيت هه‌رگيز به‌وه‌ ته‌لاق ناكه‌وێت له‌روانگه‌ى ئه‌م فه‌رموده‌يه‌ى پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (درودى خواى له‌سه‌ربێت) (إن الله عز وجل تجاوز عن   أمتي ما وسوست به وحدثت به أنفسها ما لم تعمل أو تتكلم به) رواه البخاري 6664 و مسلم 127. واته‌ خواى بالآ ده‌ست له‌گوناهى ئومه‌ته‌كه‌م خوشبووه‌ ئه‌وه‌ى وه‌سوه‌سه‌ ده‌كات يان له‌به‌رخۆيه‌وه‌ قسه‌ى پێده‌كات به‌مه‌رجێك به‌كرده‌وه‌ نه‌يكات يان له‌ناوخه‌ڵكيدا باسى نه‌كات.

ته‌نانه‌ت به‌بۆچوونى هه‌ندێك له‌زانايان ئه‌گه‌ر يه‌كێك نه‌خۆشي وه‌سواسي هه‌بێت و به‌زاره‌كى واته‌ به‌ وشه‌ش ته‌لاق بلێت به‌لآم مه‌به‌ستى نه‌بێت ته‌لآق بدات ديسانه‌وه‌ ته‌لآقى ناكه‌وێت، له‌روانگه‌ى ئه‌و فه‌رموده‌يه‌ى پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (لا طلاق  ولا عتاق فى إغلاق) رواه أبوداود 2193 و ابن ماجه‌ 2046. ماناى (إغلاق) (به‌پێى پێشه‌وا (ابن تيميه‌) واته‌ داخرانى دلأ و مه‌به‌ست نه‌بوون يان نه‌زانينى ئه‌وه‌ى ده‌يڵێيتٍ، وه‌كو ئه‌وه‌ى مه‌به‌ست و ئيراده‌ى نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌لاقى به‌زۆر و تێكچوون و كه‌سێك له‌كاتى مه‌ستي و توڕه‌يي زۆر و هه‌ركه‌سێك مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ نه‌بێت يان نه‌زانێت چي ده‌ڵێت ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌سوره‌تى (الطلاق) دا ئايه‌تى (7) ده‌فه‌رموێت [ لا يكلف الله نفسا إلا مااتاها ]،  هه‌روه‌ها له‌سوره‌تى (التغابن) ئايه‌تى (16) ده‌فه‌رموێت [ فاتقوا الله ما استطعتم). خوا بپه‌رستن چه‌ند توانيتان

بابەتی هاوشێوە